Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 489 Razzazi
Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/show.news.php on line 140 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 548 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 549 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 563 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 489 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 548 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 549 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 563 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 489 Deprecated: preg_replace(): The /e modifier is deprecated, use preg_replace_callback instead in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/show.news.php on line 227 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 548 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 549 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 563 Strict Standards: Only variables should be passed by reference in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/functions.inc.php on line 489 Deprecated: preg_replace(): The /e modifier is deprecated, use preg_replace_callback instead in /customers/a/1/3/razzazi.se/httpd.www/inc/show.news.php on line 228

کوا هه‌ڵوێستی هونه‌رمه‌ندانی کورد؟

هونه‌ر به‌هره‌یێكی ئینسانییه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێكدا نییه‌، هونه‌ر ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ خۆشیی و رابوواردن چاوی لێنه‌كه‌ین و وه‌كوو یه‌كێ له‌ هه‌لومه‌رجه‌كانی ژیان داێبنێین، هونه‌ر: بیروبۆچوونه‌ و كه‌ره‌سه‌ی پێوه‌ندی نێوان ئینسانه‌كانه‌. هونه‌ر: ده‌ربڕی پاودان و چۆنیه‌تی ژیانه‌ و به‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ ئینسانییه‌وه‌ به‌نده‌ كه‌ به‌ هۆی یه‌كێكه‌وه‌ كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌ویدیكه‌. هه‌ر ئینسانێك ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییگه‌له‌ی تێدا هه‌بێ و له‌ بوویه‌ر و كاره‌ساته‌كانی كۆمه‌ڵگای ئینسانیی تێبگا و بتوانێ بیر و ئه‌زموونی كۆمه‌ڵگا، له‌ رێگای ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌وه‌ كه‌ ده‌یخولقێنێ، بگۆڕێ، هونه‌رمه‌نده‌. هونه‌رمه‌ند: رواڵه‌تی جێكه‌وتووی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژی و له‌ سه‌رده‌می جۆربه‌جۆردا ده‌رده‌كه‌وێ. هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌وه‌ر (متواضع) نه‌بێ و ‌خۆبایی بێ و زوو له‌ كه‌وڵی خۆی بچێته‌ ده‌رێ، هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه‌ ئه‌وی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، ده‌توانێ وا كڵێڵه‌ی بكا كه‌ نه‌توانێ ئیتر سه‌ر هه‌ڵبێنێ. كاتێك ده‌گوترێ هونه‌ر ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ناو ئه‌و ئاوێنه‌یه‌دا بیهه‌وێ و نه‌یهه‌وێ، سیمای راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رده‌خا.

مه‌رجه‌كانی كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند دوو لایه‌نی هه‌یه‌، لایه‌نی یه‌كه‌م: ئه‌و كار و خه‌باته‌هونه‌رییه‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌یكا، واته‌ له‌ باری ته‌كنیكییه‌وه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ی كه‌ ده‌یخولقێنێ: بۆ نموونه‌ زۆربه‌ی ره‌وت و رووداو و كاره‌ساته‌كانی كۆمه‌ڵگا، به‌ چاك و خه‌راپییه‌وه‌، هه‌وێنن بۆ هونه‌ر و، ئینسانی هونه‌رمه‌ند ده‌بێ توانایی ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ به‌رهه‌میان لێ بخولقێنێ و له‌ هه‌مووی گرنگتر له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئه‌و دنیایه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژی، رێ بكا و له‌ كۆمه‌ڵگا و گوێگر و لایه‌نگرانی وه‌دوا نه‌كه‌وێ. واته‌ هونه‌رێك بخولقێنێ كه‌ وه‌ڵامده‌ری خواست و ویستی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی بێ. دووهه‌م: لایه‌نێكی دیكه‌ی مه‌رجه‌كانی كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌یه‌ كه‌: هونه‌رمه‌ند ده‌بێ له‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی كورد، نه‌ته‌وه‌كه‌یدا بێ، چونكه‌ كورد گه‌لێكی بنده‌ست و چه‌وساوه‌یه‌ و له‌ هه‌موو مافێكی ئینسانیی و نه‌ته‌وایه‌تی بێبه‌شه‌ و له‌ قۆناخێكی ناسك و شه‌وێر (حساس)دا ده‌ژی.

هونه‌ر، چه‌ندین پێناسه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر هونه‌رمه‌ند یان هونه‌روه‌رێكیش به‌ پێی بیروبۆچوونی خۆی لێكیده‌داته‌وه‌ و شیده‌كاته‌وه‌. هونه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند تێیدا ده‌ژی. هونه‌رمه‌ند ده‌بێ هه‌ر رووداوێك یان كاره‌ساتێك كه‌ دێته‌ پێش، له‌گه‌ڵیا ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رم بكا و وه‌ڵامده‌ری ئه‌و رووداو و کاره‌ساتانه‌ بێ، بۆ وه‌دیهێنانی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵگا.

به‌داخه‌وه‌ خه‌باتی سیاسی‌ پارت و رێكخراوه‌كانی كوردستان،‌ گه‌لی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی كوردی به‌ لای ئه‌وه‌دا رانه‌كێشاوه‌ که‌ خۆی بناسێ و رێز له‌ زمان و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی خۆی بگرێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌لاڕێیدا بردووه‌، به‌ڵام جێگای خۆشحاڵییه‌ كورد ئێستا، قۆناخێكی دیكه‌ی بڕیوه‌ و ورده‌ورده‌ تێگه‌ییشتووه‌ كه‌ ده‌بێ بۆ مافی ره‌وای خۆی خه‌بات بكا و ته‌نیا شتێك كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی ده‌گه‌یێنێ، خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه‌، هه‌رچه‌ند هۆكار و فاكته‌ری دیكه‌ش هه‌ن بۆ رزگاربوون له‌ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام گرنگترین شت له‌ رۆژی ئه‌مڕۆدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاری هونه‌ریی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورددا ئه‌وه‌ ‌به‌رچاوه‌ كه‌ هونه‌ری كوردیی، ده‌یه‌وێ خۆی به‌ گه‌لانی نه‌كورد و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بناسێنێ و له‌هه‌مان كاتیشدا ببێ به‌ خاوه‌ن مۆركی تایبه‌ت و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی که‌ له‌ هونه‌ری کوردییدا هه‌یه‌.

به‌هۆی كردنه‌وه‌ی چه‌ند ته‌له‌ڤزیۆنی کوردیی، زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵک، له‌ کارتێکه‌ریی هونه‌ر تێگه‌ییشتوون، به‌ڵام دیسان ئه‌و ئورگانه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگای کورده‌واری‌ ده‌كه‌ن، هێشتا به‌و قۆناخه‌ نه‌گه‌ییشتوون‌ جێگای هونه‌ر و كارتێكه‌ریی هونه‌ر‌ بناسن، یان ده‌یناسن و خۆیانی لێده‌بوێرن و ئاماده‌ نین بیناسن، یان نایانه‌وێ بیناسن. هونه‌ر‌ی سینه‌ما له‌م دواییانه‌دا توانیی کورد به‌ گه‌لانی دنیا باش بناسێنێ. چوونی هونه‌رمه‌ندانی کوردستان وه‌کوو سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ نه‌ک بۆ په‌نابه‌ریی، کارێکی زۆر گرنگ و به‌که‌ڵک بوو‌. گۆڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه‌، کارتێکه‌رییه‌کی گرنگ و باڵای هه‌یه‌ و یه‌ک هونه‌رمه‌ند به‌ هونه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌توانێ، نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ دنیا بناسینێ و نموونه‌شمان زۆره‌.

هونه‌رمه‌ندانی به‌ڕێزی کورد، کوردستان ئێستا له‌ پاودانێکی شه‌وێر و ناخۆشدایه‌، خه‌ڵک وا هه‌ستده‌که‌ن سه‌رکردایه‌تی کورد تووشی هه‌ڵه‌ بووه‌ و چاره‌نووسی سیاسیی کوردستان نادیاره‌ و کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک وا له‌ ده‌ستی یه‌ک دوو که‌سدا و ناهومێدیی کۆمه‌ڵگای کوردستانی داگرتووه‌ و وه‌ڵامی ئه‌م کێشه‌گه‌له‌ش خه‌ڵک له‌وه‌دا ده‌ێبینێته‌وه‌ که‌: سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌بێ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ! چونکه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ ئێستا له به‌غدا حوکم ده‌کا و فه‌رمان ده‌رده‌کا بۆ هێرش بۆ سه‌ر کوردستان، سه‌رکردایه‌تی کورد له‌ دامه‌زران و سه‌قامگرتنیدا نه‌خشی هه‌بووه‌ و ده‌وری بینیوه‌! ‌که‌چی ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ژێر هه‌موو شتێک خه‌ریکن ده‌رده‌چن و ورده‌ورده‌ ده‌یانه‌وێ هیچ حیسابێ بۆ کورد نه‌که‌ن! من له‌و باوه‌ڕه‌دام، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه، هه‌رکه‌س به‌ شێوه‌ و شێوازی خۆی ده‌بێ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ، به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی کورد‌! من‌ وه‌کوو گۆرانیبێژێکی کورد، داوام له‌ هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ هه‌ڵوێست بنوێنن، ئه‌گه‌ر ناتوانن و ناکرێ له‌ هونه‌ره‌که‌یاندا ئه‌م پاودان و بارودۆخ و کێشه‌گه‌له‌ی کوردستان ره‌نگ بداته‌وه‌، لانیکه‌م به‌ ناڕه‌زایه‌تی و خه‌بات و تێکۆشانی دیکه‌، وه‌ده‌نگ بێن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ وانییه‌ و هونه‌رمه‌ندان دووره‌په‌رێز وه‌ستاون و ته‌نیا چه‌ند قه‌ڵه‌مێکن‌ به‌گژ داگیرکه‌ران و گه‌نده‌ڵیی و که‌موکووڕییه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا دێنه‌وه‌ و، هونه‌رمه‌ندان به‌گشتیی، واته‌: گۆرانیبێژ، ژه‌نیار، مووزیکار، په‌یکه‌رتاش، نیگارکێش، شێوه‌کار، شانۆکار و هیدیکه‌، دووره‌په‌رێز و بێهه‌ڵوێست ماونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌م پاودانه‌یدا که‌ عه‌ره‌ب جارێکی دیکه‌ خه‌وی ئه‌وه‌ی بینیوه‌، کورد بکاته‌وه‌ به‌ ژێرده‌سته‌ی خۆی!

هونه‌ر ده‌توانێ ده‌ورێکی گرنگ و به‌رچاو له‌ گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا ببینێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌ رۆژی ئه‌مڕۆدا، چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی کورد دووره‌په‌رێز بێ و سه‌ری له‌ناو كه‌وڵی خۆیدا بێ! هونه‌ری كوردیی له‌ سه‌رده‌می به‌عس و له بن‌ ژێربه‌رانی حوکمی ئاتاتورکیی و له‌ سۆنگه‌ی هونه‌ری داگیرکه‌راندا، توانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی بێنێته‌ زمان و نیشانی بدا و بیپارێزێ، هه‌رچه‌ند ناچار بوو، بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، په‌رچه و به‌رگریی‌ له‌ خۆی بكا و له‌ پاودانی خۆپاراستندابوو‌، به‌ڵام توانی هونه‌ره‌كه‌ی بگه‌یێنێته‌ ئاستێك كه‌ شان له‌شانی هونه‌ری گه‌لێكی خاوه‌نده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت بدا و به‌ دنیاشی نیشان بدا كه‌، هه‌یه‌ و ده‌توانێ خۆشی به‌ڕێوه‌به‌رێ و شیاوی ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تیشی هه‌بێ.

ئه‌و سه‌رده‌مانه‌، کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندی به‌راستی گه‌ردنبه‌رزمان هه‌بوون، که‌ گوێیان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ترس و تۆقاندنیش نه‌بوو له‌ناو شاره‌کاندا، ناوازه‌ ئه‌و کاته‌ی کوردستان له‌ هه‌ر چوارلاوه‌ له‌ ژێر گرمه‌ی ئاگر و ئاسندا بوو، به‌ هونه‌ره‌که‌یان به‌رگریی و په‌رچه‌یان له‌ مافی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌کرد، هونه‌ره‌که‌یان بووبوو به‌ وێردی سه‌ر زمانی لاوانی کوردستان و رادیۆکوردییه‌کانی شۆڕشی کوردستان، هونه‌رمه‌ندی وامان هه‌بوو که‌ له‌ زیندانه‌کانی داگیرکه‌ردا کۆڵی نه‌ده‌دا و سه‌ره‌ڕای ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاری زۆر، سه‌ربه‌رزانه‌ په‌رچه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کرد، که‌چی ئه‌مڕۆ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بارودۆخی سیاسیی ئابووریی کوردستان، ره‌پۆشه‌یێکی وای خولقاندووه‌ که‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی دوێنێ له‌ زیندان له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا خۆڕاگر بوو، ئه‌مڕۆ که‌ ئازاده‌ و ده‌ستی ئاوه‌ڵایه‌ بۆ خه‌بات و تێکۆشان، په‌کی بۆ هیچ شتێک ناکه‌وێ و له‌ناو ئه‌م پاشاگه‌ردانی و بێنه‌ و به‌ره‌یه‌شدا که‌ تووشی کوردستان و خه‌ڵکی کورد و ئابووری ئه‌م نیشتمانه‌ و هونه‌ری کوردیی و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ته‌که‌شی بووه‌، مێشیشی میوان نییه‌! به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ تێکۆشان و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی هه‌ر ناویشی نه‌ماوه‌ و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی کورد زۆر کزه‌ و سه‌رمایه‌داریی وای کردووه‌ که‌ ره‌وشت و ئاکاری له‌ هیچ شتێکدا نه‌هێشتووه، ئه‌وه‌ی که‌ دوێنێ قاره‌مان بوو، ئه‌مڕۆ به‌زیوه‌ و هه‌ر له‌بیری ئه‌وه‌دایه‌ که‌ به‌ڕه‌که‌ی خۆی له‌ئاو ده‌ربکێشێ‌. ململانێی سه‌قه‌تی حیزبه‌کان ده‌ور و نه‌خشێکی ناداری بینیوه‌ له‌م بواره‌دا و کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی وا تووشی کێشه‌ کردووه‌، ئه‌وانه‌ی هه‌تا دوێنێ بوو، خه‌مخۆری هونه‌ری کوردیی بوون، ئه‌مڕۆ هیچ ئاوڕێک له‌م بارودۆخه‌ ناده‌نه‌وه‌!

ده‌سه‌ڵاتیش هونه‌ری کوردیی به‌گشتیی پشگوێ خستووه‌ و بوودجه‌ی ساڵانه‌ بۆ هه‌موو شتێ له‌ کوردستان ته‌رخان ده‌کا، له‌ نه‌سریه‌ی دیواخانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا زۆر تێچوونی دیکه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ هونه‌ر هیچ شتێ له‌گۆڕێدا نییه‌! به‌شێکیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب نییه‌ و پاشاگه‌ردانیی زۆربه‌ی بواره‌کانی داگرتووه‌. ناهێڵن وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، ئه‌رکه‌کانی خۆی له‌ ئه‌ستۆ بگرێ‌! هونه‌رمه‌ندانیش به‌گشتیی، هیچ تێکۆشانێکیان نییه‌ و هه‌رکه‌س خه‌ریکی کاری تاکه‌که‌سیی خۆیه‌تی. تێچوون بۆ که‌سانی وا ده‌کرێ که‌ له‌و ئاسته‌دا نین و ره‌پۆشه‌ سیاسییه‌که‌ش له‌ ئاستێکدایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات گوێ به‌ ره‌خنه‌ و راوێژی ئه‌و ئینسانانه‌ی که‌ دڵسۆزن نادا! من ئه‌وه‌نده‌م بۆ روون بۆته‌وه‌ که‌ هونه‌رمه‌ندان خۆیان کارێک نه‌که‌ن، ده‌سه‌ڵات هیچ شتێک بۆ هونه‌ر ناکا و ئێمه‌ش هه‌تا ئه‌وه‌ حاڵمان بێ، هیچمان پێناکرێ! ئه‌م بارودۆخه‌ تاکه‌ی ئاوه‌ها بێ و تاکه‌ی بڕکا، نازانم؟! هیوادارم هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی کوردستان، به‌ گشت رشته‌ و لقه‌کانییه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان و به‌گرتنی کۆنگره‌یه‌کی هونه‌ریی، به‌تایبه‌ت له‌مکاته‌دا که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ شۆڤینیسته‌که‌ی به‌غدا، شه‌ڕ به‌ کورد ده‌فرۆشێ و له‌ بنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیه‌ و سووریه‌، له‌ سه‌ر کێشه‌ی کورد، کۆبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن و لادێکانی کوردستان بۆمباران ده‌که‌ن و له‌ پلوپای ئه‌وه‌دان، ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ی باشوور هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و نه‌یهێڵن، دوو هه‌ڵوێست بگرن، یه‌که‌م: داوا له‌ سه‌رکردایه‌تی کورد بکرێ، چاو به‌ هه‌ڵه‌کانی خۆیاندا بخشێنێته‌وه و وه‌کوو هاوپه‌یمانی کوردستان، یه‌کڕیزیی خۆیان بپارێزن‌، چونکه‌ ئێمه‌ دڵسۆزی ئه‌وان و نه‌ته‌وه‌که‌مانین، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ خانه‌قین بدۆڕێنین، به‌یانی که‌رکووک و ناوچه‌کانی دیکه‌شمان له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێ! دووهه‌م: هونه‌رمه‌ندانی کورد، پێش به‌م پاشاگه‌ردانیی و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ییه‌ بگرن و نه‌هێڵن هونه‌ری کوردیی له‌و ئاسته‌دا قه‌تیس بمێنێته‌وه، با‌ له‌مه‌ زیاتر بۆگه‌ن نه‌کا.
ناسری ره‌زازی، ستۆکهۆڵم، 29/8/2008




          Design by Chia
Biyografi Film